سەرۆک بافڵ لەگەڵ کونسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

کوردستان
12:15 - 2025-04-17

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ ماکسیم رۆبین، کونسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵۆگۆڕکرا.

دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی لایەنەکان تاوەکو گرژییەکان کەمبکرێنەوە.

لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپی حکومڕانی رێککەوتوون و وەفدی هەردوولا لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە زووترین کاتدا.

پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانمان بەردەوامە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و هەوڵەکانیشمان بۆ ئەوەیە ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانییان نەکرێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP