وەفدێکی (ی.ن.ک) بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردی سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
سالار سەرحەد لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانیەکانی یەکێتی رایگەیاند، وەفدەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتی ئەمین بابە شێخ و ئەندامیەتی سالار سەرحەد دەچنە رۆژئاوا و بەشداری لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردی دەکات و هەڵوێستی رەسمی یەکێتی لە کۆنفرانسەکەدا دەخەنەڕوو.
بڕیارە سبەینێ شەممە، کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کوردی لە سوریا بەڕێوەبچێت، پێشبینی دەکرێت 300 ئەندام تیایدا بەشدار بن.
پێشتر مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاندبوو، کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە 26ـی نیسان بەڕێوەدەچێت و داواشی لەلایەنە سیاسییەکان کرد، بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی خۆیان بەجێبهێنن.
تاوەکو ئێستا دوو جار بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە ئەو کۆنفرانسە دواخراوە، دوایینجار بڕیاربوو 18ـی نیسان کۆنفرانسەکە ببەسترێت، بەڵام بۆ 26ـی ئەم مانگە دواخرا. بڕیارە سبەی سەعات 10ی بەیانی کۆنفڕانسەکە لە قامیشلۆ ببەسترێت.
بەپێی زانیارییەکان، 13 خاڵەکەی رێکەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە تەوەری سەرەکی کۆنفرانسەکە دەبن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP