فلیپى لویس ئەو راهێنەرە لاوەى
کەتەمەنى 39 ساڵ تێپەڕناکات و یەکەم ئەزمونێتى لە کارى راهێنەرایەتى کەچى
دەستکەوتى گەورەى لە ناوخۆى وڵاتەکەى بەدەستهێناوەو هەنگاو بەرەو جیهانیش دەنێت!
فلیپى لویس لەگەڵ یانەى فلامینگۆى بەرازیلى دەردەوشێتەوە ، ژمارەو ئامارەکانى
گەواهى ئەوە دەدەن لە ئایندەیەکى نزیکدا دەبێت بەیەکێک لە راهێنەرە بلیمەتەکانى
جیهان و دەرگاى یانە گەورەکانى بۆدەکرێتەوە .
سەیر ئەم ئامارە سەرنج راکێشانە بکەن کە
راهێنەرە بەرازیلیەکە لەگەڵ فلامینگۆ پێى گەشتوە ، ئەوەتا لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ
یانەکەى، فلامینگۆى کردە پاڵەوانى خولى
یانەکانى بەرازیل ، لەم وەرزەشدا لە کۆى 46 یارى ، 32 بردنەوەى بەدەستهێناوە ،
تەنها 3 یارى دۆڕاوە و 11 یەکسانبوونى هەیە ، ئێستاش پێشەنگى یانەکانى خولى
بەرازیلە .
دەستکەوتەکانی لویس تەنیا لە ئاستی
ناوخۆدا سنووردار نین و پەلى هاویشتوە بۆ مۆندیالی یانەکان، کە لێهاتوییەکەى لە بەرامبەر
چێڵسیدا دەرکەوت، کاتێک گەڕانەوەیەکی سەرسوڕهێنەری ئەنجامدا و دواکەوتنى بە گۆڵێک گۆڕى
و کردیە سەرکەوتنێکی گەورە بە ئەنجامی سێ
گۆڵ بەرامبەر بە گۆلێک ، بە دوو گۆڵ بەرامبەر
بە گۆڵێکیش لە یانەی ئێسپێرانسی تونسی بردەوە و لە یاری سێیەمیش یەکسانبوو پاشان بە
کۆکردنەوەی 7 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەى گرت و گەیشتە قۆناغى 16 .
لە ڕۆژانی یاریکردنیەوە، لویس ئارەزووی
زۆری بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک لە بواری ڕاهێنەرایەتیدا نیشانداوە، کاری کردووە بۆ
پەرەپێدانی تواناکانی، بەدەستهێنانی بەرزترین بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی، بەردەوام
چاودێری و فێربوونی هەندێک لە گەورەترین ڕاهێنەرانی جیهان بووە چەشنى خۆسێ مۆرینیۆ
و دیێگۆ سیمیۆنی و خۆرخی جیسوس، ئەم ئامادەکارییە لەو دەمەوە بوونى هەبوو کاتێک لەگەڵ
فلامینگۆ وەک یاریزان دەستی پێکرد.
ئەم ئامادەکارییە چڕ و پڕە بە شێوەیەکی
سەرنجڕاکێش لە ئاستی فلامینگۆدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، کە نەک تەنها سەرکەوتن و ئەنجامە
ئەرێنییەکان بەدەست دەهێنێت، بەڵکو بە ڕێکخستنی بەهێز و یەکگرتوویی و کارەکتەری
ناوازەیی، هەروەها ئامادەیی جەستەیی بەرز، کە تایبەتمەندییەکی تۆپی پێی ئەمریکای
باشوورە، جیا دەکرێتەوە لە کێشوەرکانى دیکە .
فیلیپی لویس تەمەنی تەنها 39 ساڵە و پێدەچێت
ڕاهێنەرێکی بەکردار بێت و بەردەوام هەنگاو بەرەو پێش لە جیهانی ڕاهێنەرایەتیدا بنێت
، ئەگەر لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوام بێت، ئەوا
بەم زووانە دەتوانێت ببێتە ڕاهێنەرێکی گەورە و لە ڕیزی دیارترین ڕاهێنەرەکانی جیهان
بێت، لە داهاتووشدا سەرکردایەتی تیپە گەورەکانی ئەوروپا بکات.
ئاکۆ بیبانى
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP