لە پارێزگای واست ئاگرێکی گەورە لە مۆڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە 50 کەس گیانیان لەدەستدا

عێراق
09:12 - 2025-07-17

 

شەوی ڕابردوو لە پارێزگای واستی ناوەڕاستی عیراق، ئاگرێکی گەورە لە مۆڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە 50 کەس گیانیان لەدەستدا، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، سکاڵایان لەسەر خاوەنی باڵەخانە و مۆڵەکە تۆمارکردووە و لە 48 کاتژمێریشدا دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە ڕادەگەیێنین.
ئەو مۆڵەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە دەوترێت چەند ڕۆژێکە بەڕووی خەڵکدا کراوەتەوە، خەڵکی واستیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، باڵەخانەکە مەرجەکانی سەلامەتی تێدانەبووە و دروستکردنی باڵەخانەکانیش لەو کەرەستانەی خێرا ئاگر دەگرن و دەسوتێن، کارەسات دروست دەکەن و داوای سزادانی لایەنی کەمتەرخەم دەکەن.
لەوبارەیەوە، محەممەد جەمیل ئەلمەیاحی، پارێزگاری واست سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێک لە قەزای کوتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دەوروبەری 50 کەس لە پیاو، ژن و منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی ئەو ڕووداوە سێ ڕۆژ ماتەمینیی ڕادەگەیێنن، کەسوکاری قوربانییەکانیش دڵنیا دەکەنەوە کە هەر کەسێک ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستی هەبووبێت یان کەمتەرخەم بووبێت لەم ڕووداوەدا، چاوپۆشی لێناکەن و لە 48 کاتژمێری داهاتووشدا ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە ئاشکرا دەکەن.
ئاشکراشیکرد: سکاڵای یاساییان لەسەر خاوەنی باڵەخانە، خاوەنی مۆڵەکە و هەموو ئەوانە تۆمارکردووە کە پەیوەندییان بەو ڕووداوەوە هەیە.
 


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP