حەسەن هادی، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی
باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند: ریزبەندیی بەربژێری ناو لیستەکان
لەلایەن خودی قەوارە سیاسییەکانەوە دیاریدەکرێت، هاوکات تیروپشکەکان بەربژێری
تاکەکەسیش دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: تیروپشکەکە بەئامادەبوونی
میدیا و نوێنەری حیزب و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێوەیەکی گشتی بەڕێوەدەچێت
و لە میدیاوە پەخشدەکرێت.
روونیشیکردووەتەوە: تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ
ئامێرەکانی دەنگدان دەکەن، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە دەستیان، دواتر
راهێنان بە کارمەندانی کۆمیسیۆن بەشێوەی پراکتیکی.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی
هەڵبژاردنەکانی عیراق پەسەندیکردووە، لە رۆژی نۆی تشرینی یەکەم تاوەکو رۆژی حەوتی
تشرینی دووەم، وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنە و رۆژی نۆی تشرینی دووەم، دەنگدانی
تایبەت ئەنجامدەدرێت، هاوکات رۆژی 11ـی تشرینی دووەمیش وادەی هەڵبژاردنی گشتیی
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقە و رۆژی دواتر ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن
رادەگەیەندرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP