موراد قەرەیڵان:پارتی له‌سه‌ر داوای توركیا به‌شداری له‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ ده‌كات

کوردستان
17:57 - 2021-06-10


موراد قەرەیڵان فەرماندەی گشتی هێزەكانی پاراستنی گەل هۆشداری دا لە خراپی ئاكامەكانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و ئاشكراشیكرد كە پارتی لەسەر داوای توركیا بڕیاری شەڕی داوە و ڕاشیگەیاند.

موراد قەرەیڵان لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ستێرك تی ڤی كە ئەمشەو بڵاوكرایەوە، ڕەتیدەكاتەوە ئەوان بڕیاری هێرشیان دابێت بۆ سەر پێشمەرگە و ڕایگەیاند پەكەكە لە شەڕێكی دژواردایە لەگەڵ سوپای توركیا و هیچ كەسێكی عاقڵ ناڵێت كە لەو دۆخەدا ئێمە بەرەیەكی دیكەی شەڕ لە خۆمان بكەینەوە.

وتیشی: "هیچ بڕیارێكی ئێمە نییە بۆ هێرشكردنە سەر پێشمەرگە و بیریش لە بڕیاری لەو جۆرە ناكەینەوە، چونكە شەڕی كورد و كورد بە هۆكاری لە ناوچوون دەزانین". 

ئەوەشی خستەڕوو كە "ئێستا پیلانگێڕی لەسەر كورد هەیە".

هاوكات ڕەخنەشی لە جموجوڵەكانی پارتی گرت و ڕایگەیاند ئەوان دەچن لە شوێنێكدا جموجوڵی سەربازیی دەكەن كە ناوچەی شەڕە و تێیدا گەریلا ڕووبەڕووی سوپای توركیا بووەتەوە و وتیشی: "بۆچی نایەن كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكەین بۆچی پەنا دەبەنە بەر ڕێگەی سەربازیی ئایا ئەوە خزمەت بە كێ دەكات؟".

وتیشی: "پارتی بیەوێت یان نەیەوێت ئەوەی دەیكات دەكەوێتە خزمەتی سوپای توركیاوە و ئەوەی كارێكی مەردانە و نەریتی كورد نییە".

قەرەیڵان ئەوەشی بەبیرهێنایەوە كە خوڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا لە میانی سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی پێی وتوون دەبێت پێشمەرگە بەشداری شەڕ بكات لە دژی پەكەكە.

ڕاشیگەیاند لێدوانی لێپرسراوانی پارتی بەڵگەن لەسەر ئەوەی بڕیاری شەڕكردنیان لە دژی ئێمە داوە و ئێستاش پێیان دەڵێن بڕیارەكە هەڵەیە، چونكە ئەو هەنگاوە بۆ خۆشیان مەترسیدارە.

قەرەیڵان وتیشی: "ئێمە لە شەڕی ناوخۆ دەترسین نەك لە شەڕی دوژمن، بەرگریكردنیشمان لە ماوەی 46 ڕۆژی ڕابردوو لە دژی سوپای توركیا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لە شەڕی دوژمن ناترسین".

سەرلەنوێ ڕەتیشیكردەوە كە پەكەكە ئەو ئۆتۆمبێلەی كرابێتە ئامانج كە لە مەتینا كۆمەڵێك پێشمەرگەی تێدا بوونە قوربانی و جەختیكردەوە كە گەریلا چەكی وای بەكارنەهێناوە و داواشی كرد لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو ڕووداوە پێكبهێندرێت.

قەرەیڵان لەو بڕوایەشدابوو كە ڕووداوەكەی مەتینا پیلانگێڕی بووبێت و ئەو پێشمەرگانەشی بە "شەهید" وەسف كرد كە لە ڕووداوەكەدا گیانیان لە دەست داوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP